کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران فیلتێرشکەنەکانیش فیلتێر دەکات

17:29 - 26 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای فیلتێرکردنی تێلێگرام، دەستیان بە فیلتێرکردنی فیلتێرشکەنەکانیش کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزیری پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاندووە وەزارەتی پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیارییەکان، بەپێی پەسندکراوێک لە شۆرای باڵای مەجازیی ئەو ڕێکخراوەیەدا، فیلتێرکردنی فیلتێرشکەنەکانیان دەست پێکردووە.

" محەممەد جەواد ئازەری جەهرۆمی"، وەزیری پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی: "فیلتێرشکەنەکان لێکەوتەی زۆر مەترسیدارتری ئەمنییەتی"یان لە خودی تێلێگرام هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران بە فەرمی باسی لەوە کردووە: "پەرەپیدانی فیلتێرشکەنەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ئامریکا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە".

ناوبراو جەختی کردووەتەوە، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بڕیارمان دا فیلتێرشکەنەکانیش فیلتێر بکەین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک کەڵکێکی زۆر لە فیلتێرشکەنەکان وەردەگرن.

قسەکانی وەزیری پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیارییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە، کە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، وەزیری پێوەندی و تێکنۆلۆژیی زانیارییەکان دەست بۆ دوکمەی فێلتێر نابات.

لەدوای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، چەندین جار داوایان لە "پاوڤێل دۆرۆڤ" دامەزرێنەری کۆمپانیای تێلێگرام کرد کە بەشێک له سێرڤێرەکانی تێلێگرام بۆ ئێران ڕاگوازێت و ئەو داواکارییەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕەت کرایەوە، بەرپرسانی ڕێژیم بەو ئاکامە گەیشتن کە لە نێوخۆدا تێلێگرام فیلتێر بکەن.

لە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران بە دژی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە دنیای مەجازی بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی خۆپیشاندانەکان، بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە بڕیاریان دا کە تێلێگرام دابخەن یان بیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە.

بەرپرسانی ئێران بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرامیان ١٣ هەتا ٢٠ میلیۆن کەس بەراورد کردووە و پرسی فیلتێرکردنی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە، چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئێرانەوە تاوتوێ کراوە.