کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران قوتابخانە بۆ وڵاتانی دیکە دروست دەکات

12:44 - 2 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باس لەوە دەکات کە ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای "نەینەوا"دا قوتابخانەی دروست کردووە.

بەپێی هەواڵ و وێنە بڵاوکراوەکان لەم قوتابخانەیە، گوایە ئەم قوتابخانەیە وەکوو دیاری لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە پارێزگای نەینەوادا و لە گەڕەکێکی مەسیحینشیندا دروست کراوە.

خەڵکی عێراق بەرانبەر بەم کردەوەیە کاردانەوەیان نیشان داوە و هەندێکیان پێیان وایە کە ئەم کارە بە مانای داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئێرانە و دژایەتیی ئەم کارەیان کردووە، هەندێکی دیکەش هەبوونی ئەم قوتابخانەیە بە کێشە دەزانن و دەڵێن ئێمە پێویستمان بە قوتابخانەی ئایینی نییە.

دروستکردنی قوتابخانەیەکی لەم چەشنە ئەویش لە گەڕەکێکی مەسیحینشین لە پارێزگای نەینەوادا لە حاڵێکدایە کە زۆربەی هەرەزۆری قوتابخانەکانی ئێران لە شار و گوندەکاندا، تووشی داڕمان بوونە و تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزاریشیان تێدا نییە؛ هەواڵی گیانلەدەستدانی قوتابییان لە شارەکانی ئێراندا، سەلمێنەری گرینگینەدانی ڕێژیمی ئێران بە کێشەکانی نێوخۆی ئێران و قوتابخانەکانە.

ڕێژیمی ئێران بە سەرەکیترین هۆکاری ئاژاوەنانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەناسرێت کە بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجە تێکدەرانەکانی خۆی لە هیچ هەوڵێک درێغ ناکات و بە بەخشینی پارەی خەڵکی بێدەرەتانی ئێران و بەخشینی "سەرمایەی میللی" بە وڵاتانی دیکە و بە مەبەستی پەرەدان بە کاروباری تێرۆریستی و ئاژاوەگێڕانە، کۆمەڵگای ئێرانی تووشی دەیان خەساری کۆمەڵایەتی کردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش خەڵک بەرەو هەژاریی زۆرتر دەبات.