کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران له‌ ترسی توركیه‌ ناوێرێت باسی كوژرانی دوو هاووڵاتیی كورد بكات

12:15 - 17 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە بەرزاییەکانی "خواکورکـ"ـیان بۆردومان کرد و دوو هاووڵاتیی شنۆیی بە ناوەکانی "فاخر تازە وارد"  تەمەن ٣٥ ساڵ و "ڕەشید پیرۆتی" تەمەن ٣٦ ساڵ، گیانیان لەدەست دا.

 وەزارەتی دەرەوە و ئۆرگانە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران تاكوو ئێستا بەنیسبەت ئەو هێرشەی تورکیە هیچ هەڵوێستێکیان نەگرتووە.

ژماریەک لە نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم کردووە کە دەبێ باڵوێزی تورکیە بۆ وڵامدانەوە بەنیسبەت هێرشی فڕۆکە شەڕەکانی تورکیه و کوژرانی دوو هاووڵاتیی کورد لە شنۆ، بانگهێشت بکرێت.

ماڵپەڕی "دیپلۆماسیی ئێرانی" سەر بە "سادق خەرازی"، لەبارەی ئەو هێرشە بڵاوی کردەوە: "خولیای حەزی تورکیە بۆ دەسەڵات و هێز کۆتایی نایەت و تەواوییەتی ئەرزیی ئێرانیش پێشێل دەکات".

ئەو ماڵپەڕە بڵاوی کردووەتەوە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەگەر هەر بەم شێوەیە سیاسەتی بێدەنگی و سازان لە بەرانبەر تورکیە بگرێتە بەر، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا تورکیە درێژە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران دەدات".

هێرشی تورکیە بە فڕۆکەی شەڕکەر بۆ سەر خاکی ئێران لە کاتێکدا بووە کە ڕۆژی دواتر ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە ئامریكا ده‌كرد كه‌ لە بەرانبەر پاراستنی سنوورەکانی لە هیچ کەس و لایەنێک خۆش نابێت.

لەو ماڵپەڕەدا هاتووە، ئایا پێشێلکردنی سەروەریی خاکی ئێران هێڵی سووری تاران نییە یان ئەوەیکە تەواوییەتی ئەرزیی ئێران به‌ وته‌ی ئه‌و ماڵپەڕە "کەشکە".