کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر ئامریکادا خۆی بە دەستەوە دا

11:19 - 30 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ئامریکادا خۆی بە دەستەوە دەدات و ئامادەی دانوستان دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەردەوام هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئامریکا لە ناوچەکە، بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ناوچەکە و تەنانەت جیهانیشدا دەکەن و لەم پەیوەندییەشدا چەندین کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە، پاش چەند هۆشدارییەکی کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر زیادەڕۆییەکانی ئەو ڕێژیمە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامادەی دانوستان دەبێت.

لەم بارەوە، حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕووناکبیران، هونەرمەندان و چالاکانی تری ئێران لە شاری تاران، ناڕاستەوخۆ ئامادەیی ڕێژیمی ئێرانی بۆ دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دەربڕی.

حەسەن ڕۆحانی، لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند: ئێمە ئەو لایەنەین کە داوای وتووێژ و دانوستان دەکەین، هەر لایەنێک ئێران بە زۆر بباتە سەر مێزی دانوستان، جیا لەوەی کە ئەو وتووێژە هیچ ئەنجامێکی نابێت، ئێمە بە هیچ جۆرێک ئامادەی ئەو شێوازە دانوستانە نین، ئەگەر هەموو زلهێزەکانی جیهان و تەنانەت هەموو جیهانیش لە سەر ئەو شێوازە هاوڕا بن".

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە پێشێلکردن ڕێککەوتننامەی بەرجام و بڕیارنامەی نێونەتەوەیی لەسەر چالاکیی دروستکردنی چەکی ناوکیی ڕێژیم کردووە و وتوویەتی: "لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ڕێککەوتننامەی ناوکیی نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥، بڕیارنامەکەی شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی لەم بارەوە، توانیمان حەوت بڕیار هەڵبوەشێنینەوە".

لەم پەیوەندییەدا، حەوتووی ڕابردوو، هەواڵدەریی تەسنیمی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بڕیاری پێشێلکردن و پێبەندنەبوون بە ڕێککەوتننامەی بەرجام ڕاگەیاندووە ، کە لە نێوان ئێران و وڵاتانی (۱+۵) واژۆ کراوە و لە بەیاننامەی شۆرای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و چووەتە بورای جێبەجێکردنیشەوە.