کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە بەڕێوەچوونی زەماوەندەکانیش دەترسێت

13:05 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا لە بەڕێوەچوونی زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی شاییی هاوسەرگیریش دەترسێت و هەوڵ دەدات پێش بەو ڕێوڕەسمانە بگرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، جیا لەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لە هەموو ڕێوڕەسم، بۆنە و کۆبوونەوەیەکی خەڵک دەترسێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتکردنیانی داوە، ترسی ئەمجارەی ڕێژیم لە زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی شاییی هاوسەرگیریی لاوانی کوردستانە و هەوڵی پێشگرتن بە ڕێوڕەسمەکانی زەماوەند لە شارەکانی ڕۆژهەڵات دەدات.

لەم بارەوە، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، پێشنوێژی دەستنیشانکراوی ڕێژیم لە شاری نەغەدە لە پارێزگای ورمێی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە نامەیەکدا کە بۆ بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ڕێژیم لەو شارە نووسیوەیەتی، ڕایگەیاندووە: نابێت زەماوەند و ڕێوڕەسمەکانی شاییی هاوسەرگیری لەو شارەدا زۆرتر لە ۳ کاتژمێر بێت و لەو حاڵەتەشدا نابێت خاوەن زەماوەندەکان شێو و خواردن بە میوانە بانگهێشتکراوەکانی خۆیان بدەن.

لە کاتێکدا ئەو نامەیەی پێشنوێژی ڕێژیم لە شاری نەغەدە، واژۆ و مۆری بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شارە، بەڕێوەبەرایەتی ئیتلاعاتی شاری نەغەدە و دادستانی ئەو شارەی پێوە بووە، بەپێی وتەی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم، زەماوەند و شاییی هاوسەرگیرییەکان کە لە ۳ کاتژمێر تێپەڕ ببێت، دەبێتە هۆکاری بێبەندوباری و هەروەها بێئەخلاقیی کۆمەڵایەتی لێ دەکەوێتەوە.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا، بە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بڕیار دراوە، کە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردن و بەڕێوە نەبردنی خاڵەکانی ئەو نامەیە، لە لایەن خاوەن هۆڵەکانی شاری نەغەدە، بە توندترین شێوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن.

لە بەشێکی تری ئەو نامەیەدا، بە بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لەو شارە بڕیار دراوە، کە لە ئەگەری بەڕێوەنەچوونی خاڵەکانی ئەو نامەیە، لە لایەن هەر خاوەن هۆڵێکەوە، هۆڵەکەی پلۆمپ بکرێت و بەڵگەی چالاکییەکانی (پروانە فعالیت)، هەڵوەشێننەوە و لێکۆڵینەوە لە خاوەن هۆڵەکەش بکرێت.

لەم پەیوەندییەدا، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ڕێژیم لە شاری نەغەدە، بە هەموو خاوەن چاپخانەکان ڕایگەیاندووە، کە لە چاپکردنی کارتی بانگهێشتی زەماوەندەکان زیاتر لە ۳ کاتژمێر خۆیان ببوێرن و نابێت ئەو جۆرە کارتانە بۆ هیچ زەماوەند و شایییەکی هاوسەرگیری چاپ بکرێت.