کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە جیاتی گۆشت، ژەهر دەرخواردی خەڵک دەدات

11:40 - 25 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە دوای ئەوەی کە گۆشت لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخەکەی زۆر بەرز بووەتەوە و بەردەوام ڕووی لە‌ هەڵکشانە، کاربەدەستانی ڕێژیمیش دەستیان بە هاوردەکردنی گۆشتی بەستوو کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابروودا، لە شاری قوروەی سەر بە پارێزگای سنه، هاووڵاتییانی ئەو شارە لە ڕێگای گۆشتی بەستووەوە ژەهراوی بوونە.

نەخۆشخانەی شاری قوروە لە ڕاپۆرتێکدا دانی بەوە داناوە، کە ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، هەتا ٢٣ی ڕەشەمە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس سەردانی ئەو نەخۆشخانەیانە کردووە، کە دوای ئەنجامدانی تاقیکاریی پزیشکی، دەرکەوتووە هەمووی ئەو کەسانە بە هۆی گۆشتی بەستوو ژەهراوی بوونە.

سەرەڕای ئەوەی کە نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی زێڕین تۆمار دەکات، کاربەدەستانی ڕێژیمیش باس لەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت کاتییە و لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆنتڕۆڵی نرخەکەی دەکەین.

ئەو گۆشتە کە ڕێژیم هاوردەی دەکات و بڵاوی دەکاتەوە، خەڵک دەبێت بۆ وەرگرتنی کارتی سەرپەرەستیی بنەماڵەیی و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەیان پێ بێت.

گرانیی کەلوپەل و نرخی خوراک لە ئێراندا، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش دەڵێن بە یارمەتی و پشتیوانیی یەکتر دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین.