کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە خرۆشانی ناڕەزایەتیی لافاولێدراوان دەترسێت

12:01 - 23 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ترسی خرۆشانی ناڕەزایەتیی خەڵکی لێقەوماو، هێزی سەرکوتکەری لە ناوچە لافاولێدراوەکان جێگیر کردووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ترسی خرۆشانی خەڵکی لێقەوماوی ناوچە لافاولێدراوەکان، لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی خۆی و پێڕانەگەیشتنی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم، جیا لەوەی کە هێزە تێرۆریستییە سەرکوتکەرانی خۆی لەو ناوچانە جێگیر کردووە، چەند هێزێکی میلیشیای لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیشی بە مەبەستی سەرکوت و هێرشکردنە سەر خەڵکی ئەو ناوچانە جێگیر کردووە.

لەم بارەیەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، ڕایگەیاند: "تێرۆریستەکانی حەشدی شەعبیی عێراق، لە ئەهوازدا جێگر بوونە، ئەو میلیشیا چەکدارانە بە بیانووی یارمەتیدانی خەڵکی لێقەوماوی لافاولێدراو چوونەتەوە ئەوێ، بەڵام لە ڕاستیدا بە مەبەستی سەرکەوتکردن لە ئەگەری ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عەرەب لە ئەهوازدا جێگیر کراوە".

لە بەشێکی ئەو هەواڵەدا کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز لە لاپەڕەی فەرمیی فەیسبووکیدا بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: لە کاتێکدا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەیدەهێشت یارمەتییەکانی خەڵکی بەسرە بە دەستی لێقەوماوانی ناوچەکانی ئەهواز بگات، حەشدی شەعبی بە ۳۰ ترۆمۆبیل بەناو کاروانی یارمەتییەکانی خەڵکی عێراق بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئەهواز، هاتوونەتە ناوچەکانی ئەهواز و مانۆڕ لێ دەدەن.

لە کۆتاییی ئەو هەواڵەشدا نووسراوە: لە ڕاستیدا ئەو هێزە میلیشیا چەکدارانەی حەشدی شەعبی، لەسەر داوای سپای تێرۆریستی پاسداران هاتوونەتە ئەهواز تاکوو بە یارمەتی هێزه سەرکوتکەرەکانی سپا چاوەدێریی دۆخەکە بکەن و لە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەو ناوچانەدا، بە هاوکاریی هێزە سەرکوتکەرانی سپای تێرۆریستی پاسداران ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکەن.

لە کاتێکدا هێزی میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی هەرێمی ئەهوازدا بە ناوی یارمەتیدانی لێقەوماوانی لافاولێدراو مانۆڕ لێ دەدەن، کە ڕێژیمی ئێران سنوورەکانی لەسەر یارمەتیی ڕێکخراوە جیهانییەکانی وەکوو مانگی سوور و ڕێکخراوەکانی تر و وڵاتانی جیهان و ناوچە، بەتایبەتی یارمەتییە کۆکراوەکانی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان داخستووە و ڕێگای نادا ئەو یارمەتییانە بە دەستی خەڵکی لێقەوماوی ناوچەکانی کوردستان، لوڕستان و ئەهواز بگات.