کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە خەڵک دەپاڕێتەوە کە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان

17:31 - 7 رێبەندان 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانی بەوەدا نا کە شانۆی هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو بازاڕی نییە و لەو پێوەندییەدا داوایان لە خەڵک کردووە کە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

"حەسەن ڕووحانی"، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیم لە وەزارەتی ئێران، بەفەرمی دانی بەوەدا ناوە کە هەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتوو گەرم و گوڕ نابێت.

ڕووحانی وتوویەتی، نابێ کارێک بکەین کە ڕیزەکانی دەنگدان خەڵوەت بێت، دەبێ هەمووان ڕاکێشینە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بە ترسەوە باسی لەوە کردووە کە خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشدار نابن.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم بە پاڕانەوە داوای لە هەموو خەڵک کردووە کە بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

ڕووحانی وتوویەتی، "خاهیش دەکەم" وەرنە سەر سندووق و دەنگ بدەن، هەر چەند ڕەخنه و گلەییتان هەبێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاکێشانی خەڵک هەموو پیلانێک دەگرێتە بەر. هەر لە ماوەی ڕابردوودا کاناڵی تایبەت به هەڵبژاردنەکانی لە تێلێگرامدا دروست کردووە کە هەر کەس ئەندامگیری بکات پارەی پێ دەدەن.

مانگی ڕەشەمە، هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی ڕێژیم بۆ مەجلیس بەڕێوە دەچێت کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کردووە.

دەوترێت، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ئێران و کوردستان لە هەڵبژاردن دەگاتە کەمترین ئاستی خۆی لە ماوەی ٤٠ ساڵ تەمەنی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران و ئەمە بە قەیرانێکی گەورە بۆ ڕێژیم دێتە ئەژمار.