کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە دۆخی مەترسیداری پەتای کۆرۆنا گرینگییەکی بە گیانی خەڵک نەداوە

18:11 - 3 بانەمەڕ 2720

"محەممەد قۆلی یوسفی"، ئابووریزان و ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی وتوویەتی کە ئەگەر ڕێژیم بۆ یەک مانگ هەموو ئێرانی قرەنتینە کردبا و پێشی لە هاتوچۆکان و دەستێوەردانەکانی هێندێک گرتبا، ئێستا تووشی گرفتاریی نەدەبوو.

ناوبراو وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران هەوڵی پێویستی لە کاتی گونجاودا ئەنجام نەداوە و گیانی خەڵکی لە مەترسی خستووە و لە کاروکاسبیی کردوون، هەتا وا بنوێنێت کە زوڵمی لێ کراوە و لەنێو کۆمەڵگای جیهانیدا گەمارۆکان بە هۆکاری سەرەکیی کێشەکان بزانێت.

بە وتەی ناوبراو، خەڵک چاوەڕوانییان لە ڕێژیم هەیە کە یارمەتیی ماڵی خەڵک بدات و خزمەتگوزاریی تەندروستییان لەبەر دەستدا بخات و بەڕێوەبەریی تەرحی مەودادانانی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی جیددی بەئەنجام بگەیەنێت.

بە وتەی ناوبراو، ڕێژیم بە ڕادەی پێویست سەرچاوەی ماڵیی لەبەر دەستدایە هەتا بتوانێت بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم قیرانە تەرخانی بکات، بەڵام بەداخەوە ڕێژیم بڕی یەک ملیۆن تمەنی لە چوارچێوەی وام لەبەر دەستی خەڵکدا داناوە و بووەتە هۆی پێکهاتنی سەفی دوور و درێژ بۆ کڕینی سیمکارت کە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە زۆرتر دەکات.

ناوبراو هەروەها زیادی کردووە کە ئەم بابەتە سەرەڕای ئەوەیکە کەلێنی ڕێژیم و خەڵک زیاتر ئاشکرا دەکات، بێتوانایی ڕێژیمیش لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکان دەردەخات.