کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سووریه کارخانەی مووشەکی دروست کردووە

23:10 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە کارخانەی مووشەکی دروست کردووە.

سەرچاوه نیزامییەکانی وڵاتی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە و سەلماندوویانە، کە ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا فریو بدات. ڕێژیمی ئێران کارخانەیەکی مووشەکسازیی بۆ مووشەکی خاڵپێک لە خاکی سووریەدا دروست کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیل هەتا ئیستا چەندین جار بنکە و دامەزراوەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتەوە ئامانج و توندترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بوو، کە چەندین دامەزراوە و ناوەندی لێکۆڵینەوەی لە شاری مسیاد کردە ئامانج.

بۆ دروستکردنی کارخانەی مووشەکسازی، ڕێکخراوی پیشەسازیی (OTI) لە هەوڵدا بووە، گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا و ئورووپا دەور لێ بداتەوە و هاوکاریی ڕێژیمی ئێران لەو بارەیەوە بکات.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی،  فەرماندەی هێزی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئامریکا کارخانەیەکی چەکی زەوی بۆ زەوی کە ڕێژیمی ئێران لە شاری حەلەبی سووریه دروستی کردبوو، بەتەواوەتی خاپووری کردووە.

ئەو لێدوانەی ناوبراو لە کاتێکدا بوو، که باقری سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، چوار ڕۆژی پێش باسی لە دروستکردنی کارخانەی مووشەک لە شاری حەلەبی سووریه کردبوو.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێ‌ کەوتووەتەوە و لە دوایین دانیشتنی شۆرای هاوکاریی کەنداو بە بەشداریی تورکیه، هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران دا، کە دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا نەکات.