کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سووریە تێچوویەکی زۆر بەفیڕۆ دەدات

06:49 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی لە ڕێگای سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، پارەکانی خەڵکی ئێران لە سووریەدا بەفێڕۆ دەدات.

سەرەڕای گرانی، بێکاری و سەرجەم قەیرانەکانی تر لە ئێراندا خەڵکی ئەو وڵاتەی بە زاڵە هێناوە و هەژاری گەیشتووەتە هێڵی ژێر سفرەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای ناوەند و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی خۆیەوە، سەرچاوەکانی داهاتی ناوچە جیاوازەکانی وڵاتی ئێران لە سووریەدا زێدەتر بە فیڕۆ دەدات و دەیانخاتە خزمەت بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەشار ئەسەدەوە و بەم بیانووە پرۆژەیەکی نوێ لە سووریە دێنێتە ئاراوە کە هەڵگری تێچوویەکی ٥٠٠ میلیارد دۆلاری دەبێت.

هەواڵدەریی "ئەلعەرەیببە" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیم پرۆژەیەک لەژێر ناوی "بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی سووریە" لەو وڵاتە بەڕێوە دەبات، کە تێچووی ئەو پرۆژەیە لە٥٠٠ میلیارد دۆلار زیاترە و لە لایەن بانکی ناوەندییەوە دابین دەکرێت.

لەم بارەیەوە ئەمیر ئەمینی، جێگری وەزاەتی ڕێگاوبان و شارسازیی ڕێژیم لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا لەسەر ئەو پرۆژەیە بە ماڵپەڕەکانی ڕێژیمی ڕایگەیاند: مەرج و بڕیار نییە دەوڵەتی ئێران داهات و سەرچاوەکانی داهاتی وڵات بۆ تێچووی ئەو پرۆژەیە و سەرجەم پرۆژە هاوشێوەکان کە بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی سووریە داڕێژراون، خەرج بکات. بەڵکوو تێچووی هەموو ئەو پرۆژانە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە دابین دەکرێن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییە باوەڕپێکراوەکان، بڕیار وایە قەرارگای "خاتەمەلئەنبیا"ی سپای تێرۆریستیی پاسداران، سەرپەرەستی ئەو پرۆژە فیڕۆدەرانەیە لە وڵاتی سووریە بە ئەستۆ بگرێت و لەو ڕێگایەوە ئاسانکاریی بکات بۆ گەیاندنی کەرەستەی شەڕکەر و چەک و تەقەمەنی بە هێز و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، تاکوو ڕێژیم لە کار و چالاکییە تیرۆریستی و تێکدەرانەکانی لە سووریەدا دەستی ئاوەڵاتر بێت.