کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سەر سنوورەکان کامێرای چاوەدێری دادەنێت

10:55 - 19 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران بەمەبەستی کۆنتڕۆڵی زیاتری سنوورەکان، هەوڵێکی نوێی دەست پێکردووە، لەم هەوڵەدا ژمارەیەک چەکداری نەناسراو بە هاوکاریی جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم، ماوەی سێ مانگە خەریکی دانانی کامێرای چاوەدێری لە سەر سنووورەکانن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی سێ مانگه ژمارەیەک چەکداری  نەناسراو به هاوکاریی چەندین جاش و چلکاوخۆری سەر بە ڕێژیم له کوێستانەکانی "حەیدەرسی" که دەبێته سنووری نێوان نەغەده و ورمێ خەریکی دانانی کامێرای چاوەدێری‌ و کۆنتڕۆڵکردن له ڕێگەی دوورەوەن.

ئەو پرۆژەیە له ژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتی ورمێدا و به هاوکاریی جاشێک به ناوی "نوورەدین ناسری" خەڵکی سەڵماس و چەندین کادری مۆخابراتیی ورمێ و چەند جاش بە ناوەکانی ئەحمەد ئەحمەدی، ئەیووب جەهانی، ڕەشید کوێستانی، ڕەحمان ڕۆیان و بایزید مورسەل جەهانی بەڕێوە دەچێت.

ئامانجی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران لە دانانی کامێرای چاوەدێری، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان بۆ پێشگرتن لە هاتوچۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوخۆی وڵات و بەڕێوەبردنی چالاکییە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵە نەزۆکانەش، هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەموو ساڵێک لە قووڵایی خاکی کوردستاندا، بە باشترین شێوە درێژە بە چالاکییەکانی خۆی دەدات.