کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە شاری "نەجەف" نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دروست کردووە

12:44 - 28 جۆزەردان 2722

"پیرحوسێن کۆلیوەند" سەرۆکی مانگی سووری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "نەخۆشخانەیەکی تایبەتمان لە شاری نەجەفی عێراق دروست کردووە".

"کۆلیوەند" هەروەها وتوویەتی: "ئەو نەخۆشخانەیە ١٠ ژووری نەشتەرگەری و ٢٢٠ تەختی هەیە کە بۆ خوشک و براکانمان لە نەجەف دروست کردووە. هەروەها هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە کە گشت کارە پسپۆڕییەکان لەو نەخۆشخانەیەدا جێبەجێ بکرێن".

ناوبراو زیادی کردووە: "ئێمە لە باشترین کەسە شارەزاکان و هەروەها شارەزا باڵاکانی بواری پزیشکیی خۆمان کەڵک وەردەگرین بۆ ئەوەی لە بواری خزمەتگوزاریی دەرمانی و پزیشکییەوە لەوانە نەشتەرگەریی دڵ  و مێشک، خزمەت بە خەڵکی عێراق بکەین و سوودی لی ببینن".

دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە بە پارەی خەڵکی ئێران لەلایەن ئەو ڕێژیمەوە لە عێراق لە حاڵێکدایە کە خەڵکی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی شارەکان لە نەخۆشخانە بێبەشن یان نەخۆشخانەیەکی بەکەڵکیان نییە.

هەروەها خەڵکی ئێران بەهۆی گەندەڵیی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە و هەڵاوسانەوە تووشی دەیان قەیرانی بژێویی ژیان و کۆمەڵایەتی بوون و ڕۆژ نییە بەو هۆیەوە چین و توێژی جۆراوجۆر نەڕژێنە سەر شەقامەکان.