کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە شنۆ خیزی گادەر بە تاڵان دەبات

13:16 - 20 خاکەلێوه 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاشی خیزەکان لە شنۆ دەستیان بە هەڵگرتنی خیز لە ڕووباری گادەر کردووە، ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن خاوەن ئاشی خیزەکان لە شنۆ لەلایەن سپای پاسداران، فەرماندار و بەخشدارەوە پشتیوانیان لێ دەکرێت و هەڕەشە لە خەڵکی دەکەن نابێ ناڕەزایەتی دەرببڕن.

بە وتەی هاووڵاتییان دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم بەتایبەتی بەکرێگیراوان ئاسانکارییان بۆ خاوەن ئاشی خیزەکان کردووە کە بتوانن خیزی ڕووبارەکە هەڵبگرن.

هەڵگرتنی خیز لە بەستێنی ئەو ڕووبارە دەبێتە هۆی ئەوەیکە مووچە، مەزرا، بە تایبەتی باغاتی گوندەکان زیانێکی جیدیان بەر بکەوێت.

ماوەی چەند ساڵە ئاشی خیزەکان لە شنۆ بێ گوێدان بە هیچ ئوسولێکی ژینگەپارێزی مافی وەرزێڕان و خەڵک پێشێل دەکەن.

بە نیسبەت تێکدانی ژینگەی کوردستان دەزگای ڕێکخستینی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵک بە تایبەتی ئەندامانی حیزبی دێموکرات کردووە، بەنیسبەت ئەو کارەساتە ژینگەییە کە لەلایەن ڕێژیم و دەستوپێوەندییەکانییەوە ئەنجام دەدرێت بێدەنگ نەبن.