کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا لە ڕێگای حەوزە ئایینییەکانی خۆیەوە پیلان دەگێڕێت

12:31 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: شێعەکانی عێراق لە دزەکردنی لەڕادەبەدەر و دەستێوەردانەکانی حەوزە ئایینییەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا، وەزاڵە هاتوون.

ڕێبەرانی ئایینیی ڕێژیمی ئێران سەرقاڵی دزەکردنی زۆرتر لە نێو بنکەکانی شێعەی عێراقدان، هەتاکوو بتوانن ئەم دزەکردنە لە ئاستی هەموو عێراقدا پەرە پێ بدەن و ئەم هەوڵەی ڕێژیم زیاتر لە هەموو شوێنێک لە "نەجەفـ"ـدا دەبینرێت.

ڕێژیمی ئێران لە نەجەفدا، قوتابخانە، مزگەوت و بنکەی خێرخوازی دروست کردووە و سەرقاڵی پەروەردە و بارهێنانی ئاخوندە و دەیەوێت بەم کارە پێگەی ئاخوندە سەربەخۆوەکانی ئەو ناوچانە لاواز بکات و هێزی خۆی بسەپێنێت.

لەم پەیوەندییەدا "غالب الشابندر"، سیاسەتمەداری ئیسلامگەرای عێراقی وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران دەیەوێت نەجەف بدزێت و بیکاتە هی خۆی. ڕێژیمی ئێران مەرجەعی خۆی لە عێراقدا دەوێت تاکوو بتوانێت بەباشی دزە بکاتە نێو عێراق و شێعەکانی ئەو وڵاتە".

بەڵام ئەم پیلانانەی ڕێژیمی ئێران، هەڵوێستی خەڵکیشی لێ بووەتەوە و ئاخوندە ناودارەکانی نەجەفی وەدەنگ هێناوە و ئەگەری هەیە ئاگری بەرگریی شێعەکانی عێراق هەڵگیرسێت.

"واشنگتۆن پۆست"، لەم بارەوە نووسیەتی: زۆرێک لە عێراقییەکان لە ئێستادا لە دزەکردنە لەڕادەبەدەرەکانی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی حەوزە ئایینییەکانی ڕێژیم لەو وڵاتەدا، وەزاڵە هاتوون.

هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن، کە لە ماوەی سێ ساڵ پێش، خۆشەویستیی شێعەکانی ئێران لە نێو شیعەکانی عێراقدا، بۆ نیوە دابەزیوە.