کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە قەیرانی کۆرۆناشدا، درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی دەدات

11:55 - 21 خاکەلێوه 2720

ڕێژیمی ئێران سەرەڕای هەبوونی قەیرانی کۆرۆنا، درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی دەدات و ڕایگەیاندووە، "بەرەی نوێـ"ـی سانتریفییووژەکانی لە وزەخانەی نەتەنزدا ئامادەی پەردەلادانە.

"عەلی ئەکبەر ساڵحی"، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، لە ئاخاوتنێکی تێلێڤیزیۆنیدا باسی لە درێژەدانی چالاکییە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە و پەردەلادان لە بەرەی نوێی سانتریفییووژەکان کرد.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، بە زووترین کات بەرەی نوێی سانتریفییووژەکانی دامەزراوەی پیتاندنی "نەتەنز" پەردەی لەسەر لا دەدرێت و کارکردن لەسەر بەشێک لە کۆگای وزەی ڕێئاکتۆرەکانی ئەراک و ڕێئاکتۆرەکانی وزە لە بەڕێوەچووندایە.

"ساڵحی" هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە قۆناغەکانی دروستکردنی ڕێئاکتۆرە لێکۆڵینەوەییەکانی ئاوی قورسی ئەراک بۆ هاوکاری لەگەڵ لایەنە دەرەکییەکان و کەرەستە پەیوەندیدارەکان لە پێشکەوتندایە و دروستکردن و پاشەکەوتکردنی ئاوی قورس بەبێ هیچ بەربەستێک ئەنجام دەدرێت.

ڕێژیمی ئێران پاش ئەوەی کە نەیتوانی لە ڕێگەی هەڕەشەی پەرەپێدان بە چالاکییە ناوکییەکانی گەمارۆکان کەم بکاتەوە، قۆناغ بە قوناغ بەڵێنییەکانی ڕێکەوتنی بەرجامی پێشێل کرد و درێژە بە چالاکییە ناوکییەکانی دەدات.

لەم کاتە هەستیارەدا کە پەتای کۆرۆنا، بەرۆکی خەڵکی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە، ڕێژیمی ئێران لەجیاتیی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئێپیدێمییە، زیاتر پەرەی پێ دەدات تا لەو دۆخەدا کە جیهانییان سەرقاڵی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەن درێژە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات.