کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە مەراکێش دەرکرا

16:57 - 23 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: دانیشتنی "بەینەلمەجالیس" کە لە وڵاتی مەراکێش بۆ ماوەی سێ ڕۆژ کۆبوونەوەکان خۆی بەڕێوە دەبرد، هەیئەتی نێردراوی ڕێژیمی ئێران، ئیزنی بەشداریان پێ نەدرا و لەو وڵاتە دەرکران.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی مەراکێش ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ئیزنی نەداوە، هەیئەتی ڕێژیمی ئێران لە ١٤مین خولی کۆمیتەی ئیجرایی یەکیەتیی "بەینەلمەجالیس"ـدا بەشداریی کۆبووەنەوەکە بکات.

ئەو دانیشتنە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە هەتا ٢٣ی ڕەشەمە بەردەوام بووە.

هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، هەیئەتی ڕێژیمی ئێران لە فڕۆکەخانەی "محەممەد ئەلخامس" لە "دارولبەیزا" بۆ ئێران گەڕێندراونەتەوە.

ماڵپەڕ و ڕۆژنامە عەرەب زمانەکانیش باسیان لەوە کردووە، هەیئەتێکی ڕێژیمی ئێران پێکهاتوو لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی و هەندێک لە ئەندامانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی بەشداری لەو دانیشتنەدا هاتبوونە وڵاتی مەراکێش، بەڵام دەوڵەتی مەغریب لەگەڵ بەشداریی ڕێژیمی ئێران لەو دانیشتنەدا دژایەتی خۆی دەربڕی و ئیزنی نەدا هەیئەتی ڕێژیم بەشداری لەو دانیشتنەدا بکات.

لەو هەیئەتەی ڕێژیمی ئێراندا عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمیش بەشدار بووە، بەڵام لە لایەن مەغریبەوە دەرکراون.