کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە مەریوان هێزی نیزامی ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەکان دەکات

12:32 - 8 خەرمانان 2720

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە مەریوان هێزی نیزامی ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەکان دەکات و لەوێدا جێگیریان دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، ڕێژیم لە دەوروبەری مەریوان و لە شارەدێی نێ کە تاریکیی شەو داهات، هێزەکانی بە ماشین دادەبەزێنێت و لە ناوچە شاخاوییەکاندا جێگیریان دەکات.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، هێڵی ئینتێرنێت هەتا ئاستێکی زۆر خاو بووەتەوە و خەڵک بۆ کاروباری ئینتێرنێتی دەچنە دەرەوەی نێ.

کاربەدەستانی ڕێکخراوی سپای تیرۆریستی پاسداران لە کوردستان بە بیانووی بوونی هێزەکانی حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی پایەگاکان لە کوردستاندا کردووە و هێزی زیاتر ڕەوانەی ناوچە شاخاوییەکان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕێکخراوەیەی ڕێژیمی ئێران ماوە بە ماوە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان مانۆڕی نیزامی بەڕێوە دەبات کە ئەویش بە بیانووی بوونی هێزەکانی دژبەری ڕێژیمە.

هاوکات ڕێژیمی ئێران گوشار دەخاتە سەر مەڕدارانی کوردستان کە ئیزنیان نییە لە شاخەکاندا بمێننەوە؛ هەروەها داوا لە خەڵک دەکەن کە دەبێ سیخوڕییان بۆ بکەن.

بەهۆی مانۆڕەکانی ڕێژیمی ئێران دانیشتووانی هەندێک لە گوندەکانی کوردستان ژیانی ئاساییان کەتووەتە مەترسییەوە و باس لەوە دەکەن کە بەهۆی گوشارەکانی سپای پاسدارانەوە ناچارن گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە بیانووی بوونی هێزی حیزبە دژبەرەکانی ڕێژیم تۆپباران دەکات و هێزی تێدا جێگیر دەکات کە هێزی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو ڕێژیمە لەنێو شارەکاندا چالاکی دەکەن.