کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هاتنە سەر شەقامی خەڵک دەترسێت

19:02 - 21 خاکەلێوه 2720

''حەسەن ڕووحانی''، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، ئەگەر قەرەنتینە درێژەی هەبێت ئەگەری هەیە ٣٠ ملیۆن کەس لە ئێراندا بێنە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خاکەلێوە، لە دانیشتنی شورای بەرزی تەناهیی ڕێژیم، ''حەسەن ڕووحانی'' باسی لەوە کردووە کە لە درێژەی داخستنی دووکان و بازاڕ و ڕێگیریکردن لە کار و پیشەی خەڵک لە داهاتوودا، ٣٠ ملیۆن خەڵکی برسیی دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، ئەگەر دوو تا دوو و نیو ملیۆن کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیشیان لەدەست بدەن، بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی خەڵک، ناتوانین وڵات بە تەواوی دابخەین.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش بەرپرسانی ڕێژیم باسیان لەوە دەکرد کە ناتوانن وەک وڵاتانی تر قەرەنتینە ڕابگەیەنن، چونکە بارودۆخی ئابووریی ئێران لە حاڵەتێکی قەیراناویدایە.

ڕۆژنامەی ''لۆمۆند'' لە فەڕانسە بابەتێکی لەسەر ئەو وتانەی ''ڕووحانی'' نووسیوە و باس لە ترسی ڕێژیمی ئێران دەکات لە خۆپیشاندان و هاتنە سەر شەقامی ٣٠ ملیۆن خەڵکی ناڕازی لەو وڵاتەدا.

لە ساڵانی ڕابردوودا کە خەڵکی هەژار و برسیی ئێران، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە خراپیی دۆخی ژیانیان دەڕژانە سەر شەقام و خۆپیشاندانیان دەکرد، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەوە خەڵکی ناڕازیی سەرکوت دەکرد و بە  پیلانی ئامریکا و ئیسرائیل و عەرەبستانی دەزانی و نکۆڵیی لەوە دەکرد کە خەڵکی ئێران لە بارودۆخی خراپی ئابووریدا بن.

بەڵام ئێستا ''ڕووحانی'' خۆی باس لە بوونی ٣٠ ملیۆن برسی لە ئێران دەکات و ترسی لە هاتنە سەرشەقامی خەڵکی هەژار و کەمداهات هەیە.