کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە جێژنی "قوتابخانەی بێ خشت و قوڕ" بگرێت

12:11 - 3 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وەزارەتی پەروەردە و بارهێناندا بڕیاریان داوە کە جێژنی "کۆکردنەوەی قوتابخانەی خشت و قوڕ" لە ئێراندا بگرن.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، هەرچی قوتابخانەی خشت و قوڕە کۆی دەکەینەوە".

"موحسین حاجی میرزایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە کە ئێمە ناهێڵین هیچ قوتابخانەیەکی خشت و قوڕ لە ئێراندا هەبێت.

چالاکانی فەرهەنگی بەنیسبەت قسەکانی وەزیری پەروەردە و بارهێنان ڕایانگەیاندووە: "نیزامێکی وەکوو ڕێژیمی ئێران کە تەنانەت توانای ئەوە نییە پارە و مووچەی فەرهەنگییەکانی خۆی بدات، ئەگەر حەزیان لێ بووایەت دەیانتوانی چەند ساڵ لەمەوبەر ئەو کارە بکەن".

مامۆستایانی قوتابخانەکانیش باسیان لەوە کردووە: "ئەو قسانە فیگۆڕی کاربەدەستانی ڕێژیمە بۆ ئەوەیکە بیروڕای گشتی بە لاڕێدا ببەن".

نەبوونی مامۆستا و قوتابخانە، نەبوونی پێداویستیی خوێندن و نەبوونی بەرنامەیەکی تۆکمە و داڕێژراو بۆ خوێندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، تەنها ئامانجێکە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەندین ساڵە بەدوایەوە وێڵە و کاری بۆ دەکات کە سەرئەنجام کێشەیەکی لەبن نەهاتووی بۆ بەشی خوێندن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دروست کردووە.