کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە دێمۆگرافی شاری سامێرا بگۆڕێت

11:48 - 1 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سیاسەتمەدارێکی سونە مەزهەبی عێراق ئاشکرای کردووە، کە ڕێژیمی ئێران پلانی هەیە بۆ ئەوەی کە شاری سامێرا لە عێراق داببڕێت و بیکاتە شارێکی ئایینی.

دەستێوردانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە تێرۆریستییەکان لە عێراقدا، شەڕ و ناسەقامگیریی لەو وڵاتەدا پێک هێنا و دژی ئامریکا کار و چالاکی دەکات.

لەو بارەوە "ناجیح میزان"، سیاسەتمەداری سونە مەزهەب، باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران دەیەوێت گرووپی چەكداری سونە لە ناوچەكانی: سامێرا، سەلاحەدین و ئەنبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامریكا دروست بكات.

ناوبراو، باسی لەوەش کردووە، ئێران پلانی هەیە کە وەکوو دمشق لە سووریە، کە مەزاری حەزرەتی زەینەب لێیە، سامێراش بکاتە شارێکی ئایینی شێعە مەزهەب.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕێبەندان، "ئیریج مەسجیدی"، باڵوێزی ئێران لە بەغداد سەردانی شاری سامێرای لە پارێزگای سەلاحەدین كردووە.

ئەو شارە مەزاری دوو ئیمامی تێدایە، کە لای شێعەکان پیرۆزە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە شێعەکانی عێراق سەردانی ئەو مەزارە دەکەن.

بە وتەی ئەو سیاسەتمەدارە، باڵوێزی ڕێژیمی ئێران كە سەردانی سامێرا دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ كۆ دەبێتەوە و سەرۆكایەتی دانیشتنەكان دەكات.

میزان، ئاماژەی بەوە کردووە، كە ڕێژیمی ئێران یەک كارتی بە دەستەوە ماوە، ئەویش زیندووكردنەوەی گرووپە جیهادییەكانە كە ڕێژیمی ئێران پێشتر بە گرووپی تێرۆریستی لە قەڵەم دەدان، ئەویش لە پێناو دروستكردنی شەڕێکی بە وەكاڵەته.