کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە پەدافەندی هەوایی سووریە بەهێز بکات

17:06 - 1 رەزبەر 2720

''ئەبولفەزل شکارچی'' وتەبێژی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردووە کە ئێران بە نیازە پەدافەندی هەوایی سووریە بەهێز بکات.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەر، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ''فارس'' وتوویەتی، بەهێزکردنی پەدافەندی هەوایی سووریە داواکاریی ئەو وڵاتە بووە و لە سەردانی بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەو بابەتە باسی لەسەر کراوە و ڕێککەوتنمان لەگەڵ دەوڵەتی سووریە هەیە.

''شکارچی'' لەسەر وردەکارییەکانی ئەم ڕێککەوتنە  قسەی زۆرتری نەکردووە.

گەڵاڵەت پەدافەندی هەوایی سووریە لەحاڵێکدا دێتە بەر باس کە ئیسرائیل لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووە لە دەیان هێرشی هەواییدا بۆ سەر خاکی سووریە، ئەنبارە تەقەمەنییەکان و بنکەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و چەندین ناوندی نیزامیی سووریەی کردووەتە ئامانج.

بەهێزکردنی هاوکاریی نیزامیی لە نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریە لەحاڵێکدا بە فەرمی ڕادەگەیەندرێت کە ئامریکا بە چالاککردنی میکانیزمی ماشە و هەوڵ بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆ چەکوچۆڵییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دەستی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا کورت بکاتەوە.

بەوتەی زۆرێک لە کارناسان بەهێزکردنی پەدافەندی هەوایی سووریە لەلایەن ڕێژیمی ئێران، دەتوانێت بە کاردانەوەی ئێران دژی ئامریکا لێک بدرێتەوە.