کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە کە لاوانی کوردستان بکاتە بەسیج

17:36 - 12 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: لە حەوتووی بەسیجدا، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە لە هەوڵدایە تاکوو لاوانی کوردستان پەلکێشی نێو ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستی و دژەمرۆییە بکات .

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە قوتابخانەکانی شاری سەقزدا، هەندێک لە بەرپرسانی قوتابخانەکان و بەرپرسی بەناو "پەروەرشیـ"ـی قوتابخانەکان، هەوڵی لەداوخستنی کچان و کوڕانی کوردستان دەدەن .

جاش و خۆفرۆشەکانی ڕێژیم بە ئاشکرا داوا لە کچان و کوڕانی قوتابیی شاری سەقز دەکەن، تاکوو بە ڕیزەکانی بەسیجەوە پەیوەست ببن .

لە زۆربەی قوتابخانەکاندا ئەم جۆرە کەسانە لە لایەن قوتابییەکانەوە گاڵتەیان پێکراوە و بە بێڕێزییەوە وڵامی داواکارییە ناڕەواکەیان دراوەتەوە .

ئەو خۆفرۆشانە بە دانی وادەی بێبنەما و دڵخۆشکەر و هەندێک جار هەڕەشەئامێز، هەوڵیان داوە شوناسی مرۆیی و نەتەوایەتیی کیژان و کوڕانی نیشتمان خەوشدار بکەن .

جاشەکانی ڕێژیم لە قوتابخانەکانی شاری سەقزدا بە قوتابییەکانیان وتووە کە ئەگەر نەبنە بەسیج، ناتوانن لە داهاتوودا لە هیچ کارێکدا دابمەزرێن یان ناهێڵن بچنە سەر جەلەسەی تاقیکاریی کونکوور.

 ئەو هەوڵەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە تەواوی ئەم قسانە جگە لە درۆ و بانگەشەی بێبنەما، هیچی دیکە نییە.

لاوانی شاری سەقز بە تێگەییشتووییەوە خۆیان لەم پیلانە دزێوەی ڕێژیم پاراستووە و بەپیریی داواکارییەکەی مۆرەکانی ڕێژیم لە قوتابخانەکاندا نەچوونه .

ئەم بڵێنیدانانە لە کاتێکدایە کە "خزری"، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو: "٤٢ لەسەدی خوێندکاران لە ئێراندا بێکارن".

هەروەها بەرپرسانی وەزارەتی "زانست" ڕایانگەیاندبوو: "٢٠ هەزار دەرچووی زانکۆ کە خاوەن پلەی دوکتوران لە ئێراندا کاریان نییە".

لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا، ماڵپەڕی "ئێقتساد ئانلاین" بڵاوی کردبووەوە: "٢٠٤ هەزار بێکاری خاوەن پلەی ماستەر و دوکتورا لە ئێراندا بوونیان هەیە".