کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی تێرۆری باڵوێزی ئامریکا لە ئافریقای باشووردایە

17:42 - 24 خەرمانان 2720

بڵاڤۆکێکی ئامریکایی بڵاوی کردووەتەوە بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا بە پشتبەستن بە زانیارییەکان وتوویانە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی تێرۆرکردنی "لانا مارکس"، باڵوێزی ئامریکا لە ئافریقای باشووردایە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو هەوڵەی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانیـ"ـیه

بەرپرسێکی ئامریکایی بە پۆلێتیکۆی ڕاگەیاندووە کە باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە "پێرتۆرییا" لەو پیلانداڕێژییەدا ڕۆڵی هەیە.

بڵاڤۆکی پۆلێتیکۆ جەختی کردووەتەوە هەوڵ بۆ تێرۆری باڵوێزی ئامریکا لە ئافریقای باشووردا، دەتوانێت ناکۆکییەکان لە نێوان ئێران و ئامریکادا زیاتر پەرە پێ بدات.

بەرپرسانی ئامریکایی ڕاگەیاندووە لە وەرزی بەهارەوە لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر "لانا مارکس" ئاگادار بوونە.

دەوڵەتی ئامریکا پێشتر هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دابوو کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە، کاردانەوەی توندی نیزامیی بەدواوە دەبێت.