کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیدایە

13:11 - 19 جۆزەردان 2720

لە حەوتووەکانی ڕابردوودا باسەکان سەبارەت بە هاوکاری نەکردنی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ چاوەدێرانی ئاژانسی وزەی ناوکی و هەروەها کۆتایی پێهاتنی گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵ لە مانگی ئۆکتۆبردا لە کۆڕە سیاسییەکان و ڕاگەیاندنەکاندا زۆر بووەتەوە.

"ئوولی هاینۆنێن"، جێگری بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی وتوویەتی کە ڕێژیمی سەرکەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەرەستەی پێویستی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی لەبەر دەستدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئێکسپرێس"، هاینۆنێن، وتوویەتی: "ئێران نەتەنیا ڕێژەی سانتریفییووژەکانی خۆی زۆرتر کردووەتەوە، نزیکەی یەک تۆن ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بە خەستیی ٤/٥ لەسەدەوە پاشکۆ کردووە کە ئەگەر بیهەوێت تا ئاستی ٩٠ لەسەد بیپیتێنێت دەتوانێت چەکی ناوکی بەدەست بێنێت".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە ڕێژیمی ئێران ڕێژەی سانتریفییووژەکانی خۆی زۆر کردووەتەوە و بەرەیەکی نوێ لە سانتریفییووژەکانی تاقی کردووەتەوە کە لە ئێستادا خاوەنی ٢ هەزار سانتریفییووژ بە دەفرایەتیی کەمترەوەیە.

"هاینۆنێن" لە دریژەی شیکارییەکەیدا وتوویەتی کە ئەگەر ٢ هەزار سانتریفییووژی نوێ بە جێگای سانتریفییووژە کۆنەکان دابنرێت، دەفرایەتیی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ڕێژیمی ئێران دوو هێندە دەبێتەوە، کە لە ئاوا دۆخێکدا کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە خەستیی پێویستەوە بۆ چەکوچۆڵی ناوکی ڕەنگە تەنیا دوو یا سێ مانگ بێت کە بەدڵنیاییەوە هۆی سەرنجی کۆمەڵگای نێونەتەوەییە.

ڕێژیمی ئێران چ لە کاتی ڕێکەوتنی ناوکیدا و چ پاش هاتنە دەرەوەی ئامریکا لەو ڕێکەوتنە، چالاکییە ناوکییەکانی خۆی درێژە پێ داوە و لە ئێستاشدا بە سەرقاڵکردنی جیهانییان بە وردە قەیرانەکانەوە لە هەوڵدایە تا لە بواری ناوکییەوە خۆی پۆشتە و پەرداخت بکات.