کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری کوشتارە بەکۆمەڵەکانە

12:43 - 4 بانەمەڕ 2721

لە ''خاوەران'' لە باشووری تاران کە یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شوێنی دەفنکردنی زیندانییانی سیاسیی ئێعدامکراو لە ساڵی ١٣٦٧ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانە، ١٠ گۆڕی نوێیان لەسەر گۆڕی بەکۆمەڵی کوژراوانی ساڵی ٦٧ هەڵقەندووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوو لە هەواڵەکاندا باس لەوە کرا کە بەهاییەکان هەڕشەیان لێکراوە کە دەبێ کەسانی نزیکی خۆیان لە شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ٦٧ بە خاک بسپێرن.

بنەماڵەی ئێعدامکراوان و چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵی سڕینەوەی شوێنەواری کوشتارە بەکۆمەڵەکانە.

تێکدانی کێلی گۆڕی دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و ئازاری بنەماڵەی ئێعدامکراوان و کوژراوان، بەردەوام لەلایەن ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهاییەکان لە ئێران وەکوو هەموو کەمایەتییەکانی دیکە لە ئێران بەردەوام لەلایەن دەزگا ئەمەنییەتی و دادوەرییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ئازار دەدرێن و سووکایەتییان پێ دەکرێت و لە زۆربەی مافەکانیان بێبەش کراون.

ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی بە فەرمانی خومەینی دامەزرێنەری ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ هەزاران زیندانیی سیاسی بە شێوەی شاراوە ئێعدام کران و ئێستا ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات شوێنەواری جینایەتەکانی بسڕێتەوە.