کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە وڵاتی عێراق میلیشیا چەکدارەکانی ئامادەی شەڕ کردووە

13:12 - 27 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە دیدارێکدا لەگەڵ میلیشیا چەکدارەکانی خۆی لە وڵاتی عێراق، داوای لێ کردوون کە خۆیان بۆ شەڕی نیابەتی ئامادە بکەن.

ڕۆژنامەی گاردیەن لە زاری دوو سەرچاوەدا نووسیویەتی: قاسم سلێمانی، فەرماندەی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران سێ حەوتوو پێش لەگەڵ ڕێبەرانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیم لە عێراقدا دیداری هەبووە.

ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە، شێوازی قسەکانی قاسم سلێمانی لەم دیدارەدا لەگەڵ هەموو ئەو گرووپە چەکدارەکانه کە لە ژێر باڵی حەشدی شەعبیدا کۆ بوونەتەوە، به مانای ئامادەبوونی تەواو بۆ شەڕ نەبووە، بەڵام دوور لەو مەبەستەش نییە.

هاوکات، دوو دیپلۆماتکار لە ناوچەکەدا به ڕۆژنامەی گاردیەنیان ڕاگەیاندووە، کە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران حەتوویەک پێش بارێکی مووشەکیان لە پارێزگای ئەلئەنبار عێراقەوە بۆ دمشق پێتەختی سووریە گواستووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای ملیشیا چەکدارەکانی خۆیەوە، هێرشی کردبووە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی وڵاتی عەرەبستان و چوار کەشتیی بازرگانیی لە ئاوەکانی بەندەری "فەجیرە" لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا، کە لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە کاردانەوەی توندیان لێ کەوتەوە.