کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سنە دەست بەسەر زەوی و زاری خەڵکدا دەگرێت

17:45 - 10 رەزبەر 2720

چەند شیرکەتێکی پەیوەندیدار بە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ لە پارێزگای سنە، بەناوی پیادەکردنی پرۆژەکانیانەوە دەستیان بەسەر زەوی و زاری خەڵکی چەندین گونددا گرتووە.

بەپێی زانیارییەکان، زەوی و زاری ٣٠٠ وەرزێڕی خەڵکی گوندەکانی "قوڵیان، باوەرێز، نایسەر، قڵیچیان، سەرئاو و قامیش" لە  دەوروبەری چۆمی قشڵاق لەلایەن ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆوە دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی ئەو شارەدا تاپۆ کراون.

خەڵکی ئەو گوندانە سکاڵایان لە دژی ئەو دوو شیرکەتە تۆمار کردووە و پارێزەریان بە مەبەستی بەدواداچوونی کارە یاساییەکانی ئەو سکاڵایە گرتووە، بەڵام پارێزەرەکە پێیانی ڕاگەیاندووە کە لە ڕێگەی یاساییەوە ناتوانن بەرهەڵستی ئەو ئیدارەیە ببنەوە و دەبێ بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان زەوی و زارەکانیان لە چنگیان دەربێنن.