کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پشتیوانیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوامە

12:32 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، لەسەر درێژەی پشتیوانیکردن لە حووسییەکانی یەمەن جەخت دەکاتەوە.

عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ٣ی ڕێژیم وتوویەتی: کە ڕێژیمی ئێران هەر چەندە لە توانایدا بێت، لە یارمەتیدانی حووسییەکانی یەمەن بەردەوام دەبێت.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەگەر ئینقلابی ئیسلامی بیتوانیبا بڕواتە یەمەن؛ بیر بکەنەوە ئێمە بمان توانیایە وەک سووریە بڕۆینە یەمەن، دۆخی شەڕی یەمەن بەم شێوەیە دەبوو؟ بەم شێوەیە نەدەبوو".

عەلی فەدەوی باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی یاساکانی قورئاندا کار دەکات و وتوویەتی: "ئێمە بەپێی یاساکانی قورئان ئەرکدارین تا ئەو ڕادەی بتوانین هاوکاری بکەین، بەڵام ئەمە خۆیانن کە ئەم توانامەندییانە دروست دەکەن".

دوو ساڵ پێش ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە پێدانی مووشەک بە حووسییەکانی یەمەن لە تۆی چەند بەڵگەیەکدا تاوانبار کرد، بەڵام ڕێژیمی ئیران ئەم بەڵگانەی بە دروستکراو زانی.

ڕێژیمی ئێران، دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە لە ناوچەکەدا درێژە بە مانەوەی خۆی بدات، لە هەمان کاتدا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دژبەرەکانی بەکاریان بهێنێت.

بەشێوەیەکی بەردەوام وڵاتانی ناوچەکە و ئامریکا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران و پشتیوانیکردنی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەر بڕیوە.