کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانە

09:21 - 24 جۆزەردان 2722

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا خەریکی هەناردەکردنی گاز بۆ وڵاتانی دەرەوەیە و لەو ڕێگایەوە دەیەوێت قەرەبووی بەشێک لە کەمیی وزەی جیهانی بکاتەوە. لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان نیگەرانە و لە هەر شێوە ڕێگایەک کەڵک وەردەگرێت بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتنەکانی هەرێم لە ئاستی ناوچە و جیهاندا.

هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە ١٢ ملیۆن میتری سێجا گاز لە دوو ناوچەی "خورماڵ" و "چەمچەماڵ" بەرهەم دێنێت. پاشەکەوتی گازی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا ڕۆژانە ٤٢٥ میلیارد میتری "سێجا"یە و ئیمکانی ئەوەی هەیە کە ڕۆژانە بەرهەمی خۆی بۆ ٤٣ ملیۆن میتری سێجا بەرز بکاتەوە.

ساڵی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی گاز لە ڕێگای شاری هەولێر و "دهۆکـ"ـەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەردا بوو و لەو پەیوەندییەدا گرێبەستێکی لەگەڵ شیرکەتی "وزەی کار، ئای گرووپ" واژۆ کرد کە جێبەجێ نەبوو.

لە بەرامبەردا ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات کە کە هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر بکات و لەمبارەوە ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕی ئەمساڵ ڕێژیمی ئێران دەوروبەری پاڵاوگەی "نەوتـ"ـی لە ناوچەی "خەبات" کردە ئامانج.

پێشتریش ڕێژیمی ئێران چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانی کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو هێرشانە زەبردان لە بنکەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی هەریمی کوردستان  و ڕێگریکردن لە چالاکی و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانە.