کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پێوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت

11:30 - 27 خەرمانان 2720

ڕێژیمی ئێران لە پێوەندیی لەگەڵ ڕێککەوتننامەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل لە هەمووان زیاتر لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیسرائیل دەترسێت.

ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" سەر بەڕێژیمی ئێران له ڕاپۆرتێکدا لە ژێر ناوی "بۆچی وڵاتانی ناوچەکە بە ڕوانگەی ئەمنییەتییەوە سەیری هەرێم دەکەن" ئاماژەی بەوە داوە "پێوەندیی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل دەبێتە هۆی نائەمنی زیاتر لە ناوچەکە و دەرگای پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی ئێرانیش دەکاتەوە".

ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم بەنیسبەت گرینگیی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییەوە نووسیویەتی: "هەرێمی کوردستان لە دوای سەربەخۆبوونی عێراق لە ساڵی ١٩٣٢ی زایینی هەتا ئەمڕۆ بەتەمای جیابوونەوەیە لە عێراق و داوای سەربەخۆیی دەکەن".

ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم نووسیویەتی: "لەدوای بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و دوای سەربەخۆیی کردنیان لە ساڵی ٢٠١٧وە گوشار خستەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن وڵاتانی دراوسێ لەوانەش ئێران، دیپلۆماتەکانی هەرێمی ناچارکردووە بە نهێنی لەگەڵ ئیسرائیل پێوەندیی بگرن ئەمەش هۆکاری ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلە".

ماڵپەڕی "دیپلۆماسی ئێرانی" بە ڕاشکاوانە باسی لە پەیوەندی کورد لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و پێی وایە ڕەوتی ڕێککەوتننامەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە و ئەوەش دەبێتە کرانەوەی دەرگای هاوکاری لە نێوان نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە تایبەت نەتەوەی کورد لە ئێران.