کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پێڕستی ساڵانەی گەندەڵیی ماڵی لەنێوان ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٥٠دایە

10:21 - 6 رێبەندان 2721

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەیی، سەبارەت بە پێوەری گەندەڵی لە ساڵی ٢٠٢١دا، ڕێژیمی ئێران یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و تەنانەت ناوچەکەش دێتە ئەژمار.

ئەو ڕاپۆرتە دەریخستووە کە لەنێوان ١٨٠ وڵاتدا ئێران لە بواری گەندەڵیی بەربڵاوی ماڵی لە پلەی ١٥٠دایە و هاوڕیزە لەگەڵ وڵاتانی وەکوو "ئۆگاندا، بەنگلادش، موزامبیک و ئانگولا".

لەنێوان وڵاتانی دراوسێی ئێران و ناوچەکشدا، تەنیا بارودۆخی "عیراق، تورکەمەنستان، ئەفغانستان، سووریە و یەمەن" لە ڕێژیمی ئێران خراپترە.

لەو ناوچەیەدا، وڵاتانی "ئیماراتی عەربی، قەتەر و ئیسرائیل" باشترین کۆنتڕۆڵیان لە بواری گەندەڵیی ماڵیدا هەبووە و ئیمارات پلەی ٢٤ی مسۆگەر کردووە.

لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، بارودۆخی گەندەڵیی ماڵیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆر بەرەو خراپی ڕۆیشتووە، بە شێوەیەک کە ڕێژیمی ئێران لە بواری پێوەری گەندەڵی لەچاو ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، ٢٠ پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە کە لەو ساڵەدا لە پلەی ١٣٠دا بووە.

لەو ڕوونکارییەدا وڵاتی "دانمارک" بە ٨٨ پوان وەکوو باشترین وڵات کە کەمترین گەندەڵیی تێدا هەبووە ناسێندراوە و وڵاتانی "نیوزلەند، فەنلاند، سەنگاپوور و سوید"یش لە پلەی دووەم هەتا پێنجەمی باشترین وڵاتەکاندا بوون.

بەپێی هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی ڕوونکاریی نێونەتەوەیی، هەر وڵاتێک کە لە کۆی ١٠٠ پوان، کەمتر لە ٥٠ پوان وەرگرێت یەکێک لە وڵاتانی گەندەڵ دێتە ئەژمار.