کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پێگەی هونەرمەندان کەڵکی نابەجێ دەگرێت

12:45 - 9 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە هیچ گرینگییەک به دۆخی هونەرمەندان بەتایبەت هونەرمەندانی کورد نادات و لە زۆر دۆخیشدا زۆر شتیان لێ قەدەغە دەکات، کەڵکئاژۆ لە بەرهەمەکانیشیان وەردەگرێت.

کاناڵی سەحەر، کە یەکێک لە کاناڵەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێرانە و بە مەبەستی تواندنەوەی هەرچی زیاتری فەرهەنگی کورد و هەروەها چەواشەکاریی زمانی نەتەوەکانی ئێران دامەزراوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دەستی کردووە به بڵاوکردنەوەی سروودی مزگێنی، کە کاری دانانی ئاهەنگەکەی، لە لایەن عەلی عابدییەوە ئەنجام دراوە.

عەلی عابدی، لەم بارەوە، لە سەر دیواری فەیسبووکی خۆی باسی لەوە کردووە، که کاناڵی سەحەر،  بهبێ ئاگاداریی ناوبراو، ئەم سروودەی بڵاو کردووەتەوە.

ڕێژیمی ئیسڵامیی ئێران، لە هیچ دۆخێکدا گرینگی بە هونەرمەندانی کورد نادات و زۆربەی کاتەکانیش بە دەسبەسەرکردن و ئازاری ڕۆحی هەوڵی لەپەراویزخستنیان دەدات تاکوو واز لە هونەرەکەیان بێنن.

عەلی عابدی، یەکێک لەو هونەرمەندانەیە، کە هەتا ئێستا چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کراوە.

ئەو هونەرمەندی ناسراوەی کورد، لە وتووێژێکدا لەگەڵ حەوتوونامەی "ژوان" ڕایگەیاندبوو: "لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ چالاکیی هۆنەریمدا بە شێوەیەکی ڕانەگەیەندراو واتە بەکردەوە قەدەغەی کار کراوم. چەندین جار لە ڕێگەی یاسایییەوە بۆ بەڕێوەبردنی کۆنسێرت، هەمایش و سێمیناری هۆنەری چووینەتە پێش؛ بەڵام نەیانهێشتووە و ڕێگر بوونه.

"عەلی عابدی"، شاعیر، ئاوازدانەر، نووسەر، ژەنیار و توێژەری موزیک، ساڵی ١٣٤٨ی ھەتاوی، لە شاری سەقز، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.

ناوبراو، تا ئێستا ٤ کتێبی لە بواری ئاهەنگسازی نووسیوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لە بواری موزیکی کوردی بە ناوەکانی: "بەتەنیا جێم مەهێڵن، وەرزێک لە ئاوازەکانی عەلی عابدی (٢٠٠٤سلێمانی)"، "لە دڵمایە، ژیان و بەرهەمی ڕەشید فەیزنژاد (٢٠٠٦ سلێمانی )"، "ژیلان، گۆرانی بۆ منداڵان (١٣٩١) "، " زایەڵە، ٣١ گۆرانی بۆ تار، سێتار و سەنتووری ئەنجام داوە.

کەڵکئاژۆکردنی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، لە پێگەی هونەرمەندانی کورد، جیا لەوەی کە بۆ ڕەواییبەخشین بە کارەکانی دەنگوڕەنگی خودی رێژیم بەکار دەهێنرێت، گەورەترین ئامانجی شکاندنەوەی هونەرمەندانی کورد لە نێو جەماوەری خۆیان و لاوازکردنی پێگەی ئەوانە.