کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە پەرەپێدان بە تێرۆریزم، بەردەوامە

13:09 - 10 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە درێژەی هەوڵە تێکدەرانەکانیدا، دەیەوێت چەندین کاناڵی تێرۆر لە وڵاتانی ئافریقایی دابمەزرێنێت.

ڕۆژنامەی "دیلی تێلێگراف" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی تێکدانی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی، لە حاڵی ڕێکخستنی چەندین کاناڵی تێرۆر لە وڵاتانێکی وەکوو سوودان، چاد، غەنا، نیجێر، گامبیا و ئافریقای ناوەندییە".

بەرپرسانی ئەمنییەتیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی وتوویانە: "ئەم کاناڵە تێرۆرە لەژێر فەرمانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دامەزراوە و بە دوای ئەوەیە کە بەرپرسان و باڵویزخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ئافریقا بکاتە ئامانج".

مەئموورانی ئیتلاعاتیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەڵێن کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ماوەی سێ ساڵە لەسەر دامەزراندی ئەو تۆڕە تێرۆریستییە لە ئافریقادا کار دەکات. ئەو هەوڵەی ڕێژیم لە کاتێکەوە دەستی پێکردووە کە ڕێککەوتنی ناوکی واژۆ کراوە و پیتاندنی ئورانیۆمی ڕاگرتبوو.

لە دوای دەسبەسەرکردنی چەند کەسێک لە وڵاتی "چاد"دا، ئەم وردەکارییانە ئاشکرا بوون. لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە ڕێژیمی ئێران کەسانێک لە گرووپی تەمەنی ٢٥ تا ٣٠ ساڵ بۆ چالاکیی تێکدەرانە پەروەردە دەکات کە ژمارەیان نزیکەی ٣٠٠ کەسە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی لە بواری چەکوچۆڵ، لە بواری ماڵی و هەروەها ڕاهێنانی سەربازی به گرووپە نیزامییەکان و زۆربوونی باندەکانی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەدا، بەتەواوەتی بەرچاو و دیارە.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت .