کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە چارەسەرکردنی هێرشی سایبێری بۆ سەر پۆمپی بێنزینەکان دەستەوەستان ماوەتەوە

11:39 - 10 خەزەڵوەر 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە زۆربەی شارەکانی کوردستان پۆمپی بێنزینەکان هەتا ئێستا وەگەڕ نەکەوتوونەتەوە و هاووڵاتییان ناچارن بە نرخی ئازادی ٣ هەزار تمەن بێنزین بکڕن.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەزەڵوەر بەدوای لەکارکەوتنی سەرجەم ٤ هەزار و ٣٠٠ پۆمپی بێنزین لە شارەکانی ئێران و کوردستان و دروستبوونی سەفی دوورودرێژی ماشینەکان، بەرپرسانی ڕێژیم پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشی سایبێرییان کراوەتە سەر.

بەرپرسانی ڕێژیم پێشتر بەڵێنییان دابوو کە ئەو کێشەیە بە یەک ڕۆژ چارەسەر دەکەن، بەڵام ئەوە ٧ ڕۆژ لەو ڕووداوە تێدەپەڕێت و هەتا ئێستا تەنیا ٢ هەزار و ٢٠٠ پۆمپی بێنزین بە سیستمی زیرەکی سووتەمەنی پێوەست بوونەتەوە.