کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕێککەوتنی بەرجام هاتە دەرەوە

11:12 - 16 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، دوو ڕۆژ دوای کوژرانی قاسم سلێمانی، هەنگاوی پێنجەم و کۆتایی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێککەوتنی ناوکی ڕاگەیاند و وتی کە چیدی لەگەڵ هیچ بەربەستێک لە بوارە عەمەلیاتییەکان وەکوو توانایی پیتاندن، ڕادەی پیتاندن، ڕێژەی ماددەی پیتێندراو ڕووبەڕوو نییە.

ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە، ١٥ی بەفرانبار، لە بەیانییەکدا بە فەرمی هاتنەدەرەوەی خۆی لە هەموو بەڵێنییەکانی بەرجام ڕاگەیاند.

لەم بەیانییەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوی پێنجەمی کەمکردنەوەی بەڵێنییەکانی بە ڕێککەوتنی بەرجام، دوایین سنوورداریەتیی خۆی لە بەرجام، واتە سنوورداریەتی لە ڕێژەی سانتێرفیوژەکان وەلا دەنێت".

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، چیدی لەگەڵ هیچ بەربەستێک لە بوارە عەمەلیاتییەکان وەکوو توانایی پیتاندن، ڕادەی پیتاندن، ڕێژەی ماددەی پیتێنداراو ڕووبەڕوو نییە.

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە لە ئەگەری لابردنی گەمارۆکان و کەڵک وەرگرتنی ئێران لە سوودەکانی بەرجام، ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر بەڵێنییەکانی.

ئەو بڕیارەی ڕێژیمی ئێران هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئامریکا.

ئەم بڕیارەی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە کە پێشتر شەش وڵاتی ئورووپایی لە بەیانییەیەکدا داوایان لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کردووە کە بۆ ناوڕۆکی بەرجام بگەڕێتەوە، ئەگەرنا "میکانیزمی ماشە" وەگەڕ دەخرێت.

بەپێی میکانیزمی ماشە، ئەگەر ئێران ڕێککەوتنی ناوکی پێشێل بکات، گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو کە دژی ئەو ڕێژیمە پەسند کراون، دیسانەوە وەگەڕ دەخرێنەوە.