کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای قوتابخانەکانی "غەیرە ئینتفاعی" پارە کۆ دەکاتەوە

12:34 - 23 خاکەلێوه 2720

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان لەلایەن ڕێژیمەوە بودجەیەکی گونجاوی بۆ دابین ناکرێت بۆیە قوتابخانەکان لە ژێر ناوی جۆراجۆرەوە پارە لە بنەماڵەی قوتابییان وەردەگرن.

قوتابخانه‌کانی "غەیری ئینتفاعی" كه‌ یه‌كێک له‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە‌  بووەتە ناوەندێک بۆ کۆکردنەوەی پارە.

به‌رپرسانی ئه‌و قوتابخانانه‌؛ سه‌ره‌ڕای وه‌رگرتنی پارەی مانگانە له‌ قوتابییان، مووچه‌ی ٢ مانگی ساڵی ٩٨ی مامۆستایانیان نەداوە.

له چه‌ندین شاری پارێزگاكانی ورمێ و سنه‌ مامۆستایانی ئەو قوتابخانانە مووچەی مانگانەیان پێ نەدراوە.

بەرپرسانی قوتابخانەکان بەتایبەت لە شارەکانی کوردستاندا، بە بیانووی وەک نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، تەرخانکردنی کەرەستەی شیاوی فێرکاری و خزمەتگوزاری بۆ قوتابییەکان، داوا لە بنەماڵەی قوتابییەکان دەکەن، کە بە دانی پارە یارمەتیی قوتابخانەکان بکەن.

زۆربەی کات وەرگرتنی ئەم پارەیە لە وەرگرتنی یارمەتی بۆ قوتابخانەکان تێدەپەڕیت و شێوازی زۆرەملێ دەگرێت و بە هەڕەشە لە قوتابییان وەردرگیردرێت.

زۆربەی هەرەزۆری قوتابخانەکانی ئێران لە کەمترین پێداویستییەکان بێبەرین.