کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای قوتابییانەوە بەرەنگاری ئامریکا دەبێتەوە

13:04 - 22 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی تاران لە ڕێگای قوتابییانەوە دەیانهەوێت شەڕی ئامریکا بکەن و قوتابییان بکەنە قوربانیی سیاسەتەکانی خۆیان.

"محەممەد بەتحایی"، وەزیری پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردووە: "١٤ میلیۆن قوتابیمان هەیە کە ئەگەر پێویست بێت وەک سەردەمی شەڕی ٨ ساڵە حەماسە دەخولقێنن."

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران باسی لە ڕۆڵی قوتابییان لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەدا کردووە کە خزمەتێکی زۆریان بە نیزام کرد.

ئەو وەزیرەی ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی پێگەی مامۆستایان و قوتابییان کردووە کە سەرمایەی وڵاتن.

بەتحایی باس لە ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایان و قوتابییان دەکات، بەڵام دۆخی مامۆستایان و قوتابییان لە ئێراندا زۆر نالەبارە.

لە شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا، ٣٢ هەزار و ٢٧٥ قوتابی بوونە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران. هاوکات  ٢ هەزار و ٦٠٨ خوێندکاریش لەو شەڕەدا کوژران.

سیستمی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران وەک یەکێک لە کۆنترین و داوکەوتوترین سیستمەکانی پەروەردەی جیهان ئەژمار دەکرێت.

ئێستاش گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی له ئێران له لایەن ڕێژیمەوە، بۆ نوێکردنەوە و گەیاندنی ئاستی زانیاری له قوتابخانەکان لە ئاستی جیهانیدا نییە، بەڵکوو ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی بیری شیعەگەرایی دەیهەوێت کاریگەریی سیاسەتە دواکەوتووەکانی خۆی زۆرتر بکات و بیرۆکەی مەزهەبی له جۆری ولایەت فەقیهـ له نێو جیلی نوێی نەتەوەکانی ئێران زۆرتر پەرە پێ بدات.