کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کتێبی پۆلی دوازدەدا پەرە بە "منداڵ‌هاوسەری" دەدات

11:44 - 12 بەفرانبار 2721

ڕێژیمی ئێران بۆ جارێکی دیکە بابەتی "جیاوازیی ڕەگەزی" و "منداڵ‌هاوسەریـ"ـی لە کتێبی وانەی قوتابییاندا چاپ کردووە کە ڕەخنەیەکی زۆری لێ کەوتەوە و بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەرانی دونیای خوازەکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشێک لە نووسراوەکانی ئەو کتێبەیان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە کتێبی پۆلی دوازدەدا بە ناوی "بەڕێوەبەریی بنەماڵە و شێوازی ژیان/ تایبەت بە کچان"، (مدیریت خانوادە و سبک زندگی/ ویژە دختران) باسی لە "کچانی سەرووی دە ساڵ و هەندێک بابەتی وەک پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە مافی خوێندن سەرووترە و هەروەها نابەرابەریی مافی یاسایی و ئازادیی تاکیی کچان لەگەڵ کوڕان" کردووە کە ناڕەزایەتیی بەشێکی لە ڕەخنەگرانی لێ کەوتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیم بە باوەڕی خۆیان بە خوێندنی ئەو کتێبە بە نیازن شێوازی ژیانکردن فێری کچان بکەن، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیم بەدوای پەسەندکردنی گەڵاڵەی "جەوانیی حەشیمەت" بە شێوەی سیستماتیک هەوڵ دەدات لاوەکان بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش هان بدات.

ئەوە یەکەمجار نییە کە ڕێژیمی ئێران بابەتی جیاوازیی ڕەگەزی بە شێوەیەکی سیستماتیک لە کتێبی وانەی منداڵاندا دەگونجێنێت، بۆ نموونە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو وێنەی کچانی لەسەر ڕووبەری کتێبی بیرکاریی پۆلی سێی سەرەتایی سڕییەوە.