کوردستان میدیا: یەکێک لەو جینایەتانەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان خولقاندوویەتی و وەکوو پەڵەیەکی ڕەش لەنێو چاوانی ئەو ڕێژیمەدایە، لەسێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادییە.
دوو ساڵ پاش جینایەتی کۆمەڵکوژیی گوندی "قاڕنێ"، لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا، ڕێژیمی جینایەتکاری ئاخوندی ئێران، بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و تەنیا لەسەر بنەمای تۆڵە و ڕق لە کۆمەڵگای کوردستان و نەتەوەی کورد، ٥٩ لاوی کوردی خەڵکی شاری مەهابادیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری تەورێزدا لەسێدارە دا.
حوکمی دەسبەسەرکردن و لەسێدارەدانی ئەم ٥٩ لاوە مەهابادییە، لە لایەن "حەمید جەلاییپوور"، فەرمانداری ئەو کاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباددا دەرکرا و بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی بەدەستەوە بێت، ئەم حوکمە نامرۆڤانەیەی دەرکرد، کە تەنانەت بەشێک لەو کەسانەی کە ئێعدام کران، لە تەمەنی مێرمنداڵی و منداڵیدا بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کاتەدا، وێڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، لە تۆڵەی ئەو جینایەتەدا، لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەت لە نزیکی کرماشان و کامیاران و سنەدا، ٥٩ عەمەڵیاتی سەرکەوتووانەی بە دژی داگیرکەرانی کوردستان ئەنجام دا، کە شەهید "شاپوور فیرووزی"، فەرماندەیی ئەم عەمەڵیاتانەی لە ئەستۆدا بوو.