کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان لە ڕێگای پارەوە دەیهەوێت قوتابییەکان بکات بە بەسیج

11:40 - 9 خەرمانان 2720

لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان لە کوردستان، سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوی یارمەتی بە قوتابییان، داوای لێ کردوون کە لە دوای وەرگرتنی پارەکە دەبێ سەردانی بنکەکانی بەسیج بکەن و ناونووسی بکەن.

بەپێی زانیارییەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە "شنۆ"، سپای تێرۆریستی پاسداران نامەیەکیان بردووەتە بەر دەرگای ماڵی بنەماڵەی قوتابییەکان و لەو نامەیەدا کارتێکی بانکیی ٣٠٠ هەزار تمەنی و فۆرمێکی تێدا بووە.

دواتر بە بنەماڵەی ئەو قوتابییانە ڕاگەیەندراوە کە دەبێ دوای وەرگرتنی نامە و کارتە بانکییەکە سەردانی ناوەندی بەسیجی ئەو شارە بکەن و ناونووسی بکەن.

هەموو ساڵێک ڕێژیمی ئێران لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە هەژاری و نەداریی خەڵک دەیهەوێت قوتابییان و خوێندکاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و بیانکات بە ئەندامی دامەزراوە تێرۆریستییەکانی خۆی.

پێشتریش بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو کرابووەوە لە فۆرمێکدا کە بە قوتابییەکانی ئێران درابوو، داوایان لێ کرابوو کە لەسەر جۆری مۆبایل و کامپیوتێری دایک و باوکیان زانیاری بنووسن.

ئەو کارانەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە لە ڕێگەی جۆراوجۆر و جیاوازەوە لە هەوڵدایە نەریتی سیخوڕیکردنی ئەندامانی کۆمەڵگا لەسەر یەکتر پەرە پێبدات و بەو جۆرە دەنگی ناڕازی و دژبەرەکانی خۆی لەو ڕێگایانەوە سەرکوت بکات.