کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان کەشێکی ئەمنییەتیی بەسەر ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێناندا زاڵ کردووە

13:22 - 12 سەرماوەز 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە پارێزگای ورمێ و بە تایبەت شارەکانی باشووری ئەو پارێزگایە، کەشێکی ئەمنییەتی بەسەر ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێناندا زاڵە و مامۆستایان ناتوانن بۆ ویست و داخوازییەکانیان ناڕەزایەتی بەڕێوە ببەن.

لە ئێستادا لە زۆربەی شارەکانی پارێزگا بەڕێوەبەرانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە شێوەی کاتی دامەزراون و هەر کات بە پێویست بزانن جێگۆڕکێ بە بەڕێوەبەران دەکەن و کەسانی سەر بە ڕێژیم دادەمەزرێنن.

بۆ نموونە چەند مانگ لەمەوپێش بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار بە ناوی "سەلام پیشیاریان" بە هۆکاری نادیار دەسبەسەر کرا و بە جێگای ناوبراو تورکێکی نەغەدەیان دامەزراندووە.

 ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەتا ئێستا ئەگەر کوردێکیش وەک بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان دامەزرابێت، سەر بە ڕێژیم بووە.

هەروەها لە بەشی حراسەتی پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار تورکێکی نەغەدە لەسەر کارە کە بۆ بەشێکی زۆر لە مامۆستایان دۆسیەی دروست کردووە.

دامەزراندنی مامۆستایانی سەر بە ڕێژیم لە ئیدارەکانی پەروەردە و بارهێنان لە کوردستان سیستماتیکە و تەنیا ئامانجیان پێشگرتن بە چالاکیی مامۆستایانی دڵسۆزی کوردە.