کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کوردستاندا پشتیوانی لەگرووپە توندڕەوەکان دەکات

12:15 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندا، پشتیوانی لە گرووپە توندڕەوەکان دەکات و پێداویستییانی بۆ دابین کردووە، هەتا بتوانن چالاکی بکەن و خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، گرووپە توندڕەوەکان لە کوردستاندا، بە پشتیوانیی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران و بنکە و ناوەند ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران دەستیان بە چالاکی کردووە و دەیانەوێت خەڵک و بەتایبەت لاوان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، گرووپە توندڕەوەکان لە شارەکانی بانە، سەردەشت، جوانڕۆ و پاوه دەستیان بە چالاکیی و پڕۆپاگەندەی بەربڵاو کردووە و ئیدارەی ئیتلاعاتیش پشتیوانی لەو گرووپە توندڕەوانە دەکات.

لەو پێوەندییەدا، مامۆستای ئایینی مەلا "حەسەن واژی" لە وتووێژێکدا باسی لەوە کرد: "ڕێژیم پیلانێک کە ئیستا خەریکە کاری لەسەر دەکات، ئەوەیە کە هێزە نیشتمانپەروەر و ئایینییەکان لاواز دەکات. کۆماری ئیسلامی لە ڕاستیدا هەم دوژمنی نەتەوەی کوردە هەم دوژمنی دین و باوەڕ و ئایینەکەیەتی".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەرەوام پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکان کردووە و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشتیوانی لەو گرووپە تێرۆریستیانە کردووە و بەشی ماڵیی ئەو گرووپانەی دابین کردووە.

گرووپە جیهادییەکان لە کوردستاندا بە پشتیوانی مادی و مەعنەوی ڕێژیمی ئێران کار و چالاکی دەکەن.