کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کۆرۆنا کەڵکاژۆی ئابووری وەردەگرێت

13:09 - 12 رەشەمه 2719

ڕێژیمی ئێران بە دروستکردنی دەرمانی ساختە کەڵکاژۆی ئابووری لە نەخۆشیی کۆرۆنا وەردەگرێت و یاری بە گیانی خەڵک دەکات.

بەپێی بڵاوبوونەوەی هەندێک وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بە ڕووکەشکردنی "ئسپرە"ی بۆن خۆش و فرۆشتنی بە خەڵک بەناوی ئسپرەی دژە باکتری و ڤایرۆس، لە دۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێراندا کەڵکاژۆی ئابوورییان وەرگرتووە.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەژمارێکی زۆر لەو ئسپرەییانە بە خەڵک فرۆشراوە کە نەتەنیا یارمەتییەک بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە ناکات، بەڵکوو خەڵکیش لە بواری ئابوورییەوە زەرەرمەند دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا "سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی، باسی لە قۆڕخکردنی ژمارەیەکی زۆر دەمامک لەلایەن هەندێک لە شیرکەت و کۆگاکانەوە کردووە.

هەروەها ڕێژیم پێش ئەوەی کە کۆرۆنا بگاتە ئێران ڕێژەیەکی بەرچاو لە ماسکی هەناردەی وڵاتی چین کرد و لە ئیستادا لە هیچکام لە نەخۆشخانەکانی وڵاتەکەی خۆیدا دەمامک دەست ناکەوێت و ڕێژیم هیچ خەمێک لە دۆخی خەڵک ناخوات.