کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە کۆنفڕانسی مونیخ وەک تێرۆریست ناسێندرا

17:43 - 27 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ئامریکا لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتی مونیخ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساند.

لە کۆنفڕانسی ئەمنییەتی مونیخ کە ماوەی چەند ڕۆژە کارەکانی بەڕێوە دەچێت،"مایک پێنس"  لە قسەکانیدا باسی لە ڕێژیمی تاران کرد و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمەی بە تێرۆریست ناساند.

ناوبراو داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کرد کە لە ڕێککەوتنامەی بەرجام بکشێنەوە.

 جێگری سەرۆکی ئامریکا لە میانەی کۆنفڕانسی وەرشۆشدا کە بۆ کێشە و گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێکهاتبوو، لەبارەی ڕێژیمی ئێران ڕەخنەی لە وڵاتانی ئورووپایی گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە هەوڵ دەدەن هەوڵەکانی ئامریکا لە دژی ئێران کەم بکەنەوە.

جێگری سەرۆکی ئامریکا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا دەیهەوێ هۆلۆکاستێکی دیکە بەڕێوە ببات. لە سووریە ڕێژیمی بەشار ئەسەدی لە سەر دەسەڵات ڕاگرتووە. لە لوبنان جبەخانەی مووشەکیی بۆ گرووپی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا درووست کردووە. لە یەمەن و عێراق یارمەتی گرووپە میلیشیاکان دەکات.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک گەورەترین و دابینکەری بەشی ماڵیی تێرۆریستان لە جیهاندا ناسێندراوە.