کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە گوندی "تەنگیسەر"ی شاری سنە دەیهەوێت جێژنی نەورۆز بەلاڕێدا ببات

17:44 - 28 رەشەمه 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی "تەنگیسەر" دەیهەوێت ڕێوڕەسمەکانی جێژنی نەورۆز لەو گوندە بەلاڕێدا ببات.

بەهۆی ئەوەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا جێژنی نەورۆز لە گوندی "تەنگیسەر" بە شکۆیەکی گەورە و لە چەندین بڕگەی جۆراوجۆردا بەڕێوە چووە و لەو جێژنانەدا خەڵکێکی زۆر لە هەموو شار و گوندەکانی کوردستان تێیدا بەشدار دەبوون، ڕێژیم دەیهەوێت دەست بەسەر بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانەدا بگرێت و جێژنەکان لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بەڕێوە ببات.

ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوازی جۆراوجۆرهەوڵی داوە کە بەر بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکەوتوو نەبووە ئێستا دەیهەوێت ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بە حکومەتی بکات.

هەروەها ڕێژیم هەڕەشەی لە خەڵک کردووە کە لەو ڕێوڕەسمانەدا کە خۆی بەڕێوەی دەبات بەشداری بکەن بەڵام سەرەڕای ئەوەش خەڵکێکی کەم بەشدارییان کردووە.

ساڵانی ڕابردوو ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە گوندی "تەنگیسەر" بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەڕێوە دەچوون و خەڵک بە پۆشینی جلوبەرگی کوردی و جامانە و هەورییەوە بەشدارییان دەکرد، بەڵام ئێستا کە ڕێژیم دەیهەوێت لەژێر چاوەدێریی خۆیدا بەڕێوە بچن، خەڵک بایکۆتیان کردووە و بەشداریی تێدا ناکەن.