کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە یەمەن بە یارمەتیی ماڵی پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات

11:01 - 13 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی دەوڵەتی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مانگانە بڕی ٣٠ میلیۆن دۆلار پارە بۆ حوسییەکان خەرج دەکەن.

"عەبده مەجلی" وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران مانگانە بڕی ٣٠ میلیۆن دۆلار پارە بۆ میلیشیا حوسییەکانی یەمەن خەرج دەکات کە ئەو یارمەتییە ماددیە نەوت و گیراوەکانی نەوت لەخۆوە دەگرێت.

ئەو بەرپرسە یەمەنییە گوتوویەتی، ڕێژیمی ئێران مینی قەدەغەکراو بۆ حوسییەکانی دەنێرێت هەتا لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکان دایبنێنەوە.

بەوتەی ناوبراو بەپێی ڕێککەوتنامەی سوئێد لە نێوان حوسییەکانی یەمەن و ئەرتەشی یەمەن ئاگربەس ڕاگەیەندراوە بەڵام بە پشتیوانی و دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران ئەو ئاگربەسە پێشێل کرا.

ساڵی ڕابردوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی نهێنی سەبارەت بە بەردەوامی هاوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ حوسییەکان بڵاو کردەوە کە لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو هەناردەکردنی موشەکە بالستیکە کورتبڕەکان و کەرەستە جەنگییەکانی دیکە، لە دوای گەمارۆی چەک و چۆڵەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥، لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەردەوامی هەبووە.

ئامریکا، ئیسرائیل و هاوپەیمانییەتی عەرەبی، ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تاوانبار کردووە، بەمەبەستی تەیار و بەهێزکردنی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن، مووشەک و چەکوچۆڵی سەربازییان بۆ یەمەن بەڕێ کردووە.

جێگای ئاماژەیە کە پێشتر چەندین جار کاربەدەستانی پلەبەرزی سیاسی و سەربازیی وڵاتی یەمەن ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستدرێژییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر وڵاتەکەیان دەربڕیوە.