کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا، ٦٩٢ هەزار تۆن گەنمی هاوردە کردووە

12:54 - 17 جۆزەردان 2720

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئەمساڵدا سەرەڕای بوونی گەنمێکی زۆری نێوخۆیی، ٦٩٢ هەزار تۆن گەنمیان هاوردە کردووە.

بەپێی ئاماری گومرۆکی ڕێژیمی ئێران لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، ٦٩٢ هەزار تۆن گەنم بە بڕی ١٩٠ ملیۆن دۆلار لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەوە هاوردە کراوە.

لە ئێران ساڵانە بە ڕادەیەکی بەرچاو گەنم و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرهەم دێت، بەڵام ڕێژیم بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە ڕەنجی ساڵێکی وەرزێڕان بەبا دەدات.

هاوردەکردنی گەنمی لەڕادەبەدەر لە حاڵێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ''عەلی قولی ئیمانی'' جێگری سەرۆکی ناوەندی گەنمکارانی ئێران دانی بەوەدا ناوە و وتوویەتی، قەرزی ٧٠ لەسەدی وەرزێڕان دراوە، بەڵام ٣٠ لەسەدی ئەو قەرزە هێشتا نەدراوەتەوە.

ڕێژیم هەر ساڵە بە ناوی پشتگریکردن لە وەرزێڕان باس لە کڕینەوەی بەرهەمەکانیان بە نرخێکی دیاریکراو دەکات، سەرەڕای ئەوەی هیچکات بەو نرخەی کە لەلایەن خۆیانەوە دیاری کراوە، بەرهەمەکانیان لێ ناکڕنەوە و ئەگەر لێشیان بکڕنەوە ئەوە قەرزەکانیان پێ ناداتەوە.

لە ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێژیم بۆ هەر کیلۆ گەنم لە بازاڕی ئازاددا کە ۱۷٠٠ تمەن بوو، بە خەڵکی ڕاگەیاندبوو ئەگەر ڕادەستی ڕێژیمی بکەن هەر کیلۆ ۱۷٥٠ تمەنیان پێ دەدات.

ئەو وادەیەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا بووە کە ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا پارەی گەنمی دوو ساڵی پێشتری بە جووتیاران نەداوەتەوە.