کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ٧٠ لەسەد کەسریی بوودجەی هەیە

13:11 - 11 جۆزەردان 2720

لە حاڵێکدا ڕێژیمی ئێران کەسریی بودجەی خۆی لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی ٣٦.٨ لەسەد ڕاگەیاندبوو، یەکێک لە وەزیرانی پێشووی ڕێژیم وتوویەتی ٧٠ لە سەد کەسریی بودجەمان هەیە.

''عەباس ئاخوندی'' وەزیری پێشووی ئاوادانکردنەوەی ڕێژیم وتوویەتی کۆی سەرچاوە گشتییەکان لە یاسای بودجەی ٩٩دا، ٥٧١ هەزار میلیارد تمەن بووە کە بەپێی لێکدانەوەکان لانیکەم ٣٦.٨ لەسەد کەسریی بودجەی هەیە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە ئەگەر کەسریی سەرچاوەگرتوو لە داهاتە تەرخانکراوەکان کە ٣٠ هەزار میلیارد تمەنە، کەسریی بوودجە دەگاتە ٢٤٠ هەزار میلیارد تمەن کە ٤٢ لەسەدە.

''ئاخوندی'' وتوویەتی ٩٣ لە سەدی داهاتەکانی وەدەست هاتوو لە سپاردنی داراییە ماڵییەکان کەسریی هەیە.

لە بەرنامەی تێچوو و داهاتی ساڵی داهاتوو، تەنیا ٤٨ میلیارد تمەن بە داهاتی نەوت تەرخان کراوە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ٦٨ لەسەد دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی هەیە. ڕێژیم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە بڕیاری داوە ماڵیات لە خەڵک وەربگرێت.

بودجەی ساڵی ٩٨ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە.