کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەسەر مووشەکەکانی وتووێژ ناکات

17:29 - 9 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا هیچ سنوورێک بۆ چالاکییە مووشەکییەکانی دانانێن بەڵکوو وتووێژ لەسەر مووشەکەکان به هێڵی سوور وەسف دەکەن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران داواکارییەکانی ئامریکا و ئورووپای به نیسبەت ئەوەیکە تاران سنوورێک بۆ چالاکیی مووشەکە باڵیستیکییەکانی دابنێت ڕەت کردەوە، بەڵام جەختیان کردووەتەوە که بەنیاز نییە مەودای ئەو مووشەکانە زیاد بکات.

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر به سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە زاری "ئەمیر حاتەمی" وەزیری بەرگریی ئەو ڕێژیمە بڵاوی کردووەتەوە "دوژمنان دەڵێن دەبێت هێزی مووشەکی ئێران لەناو ببردرێت، بەڵام ئێمە چەند جارێک وتوومانە توانا موشەکییەکانمان جێی ئەوە نییە وتووێژی لەسەر بکرێت."

بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئامریکا، بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران گرتووە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی و گۆڕینی هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ گەمارۆکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە؛ هاوکات ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵیش خولی دووهەمی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کرد.

لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا ئامریکا بە بڕیاری دانڵد ترامپ لە ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران کشایەوە و هەموو سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و وتی لە ڕێککەوتنەکەدا هیچ کۆتوبەندێک لەسەر مووشەکە باڵیستیکییەکانی ئێران دانەنراوە.

فەڕانسەش کە هەتا ئێستا لەو ڕێککەوتنە ناوکییەکەدا ماوە، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند: "ئەگەر هیچ کارێک بە نیسبەت بەرنامەی مووشەکی ئێران ئەنجام نەدرێت پاریس ئامادەیە سزای زیاتر بەسەر تاراندا بسەپێنێت".

هاوکات "عەلی شەمخانی"ش وتوویەتی: "ئێران بەردەوام دەبێت لە باش کردنی وردبینی مووشەکەکان بۆ پێکانی ئامانجەکانی خۆی".